
دواهەمین ژمارە
سەروتار
ئێمە دڵخۆشین کە ژمارەی سفری گۆڤاری مامۆستا بۆ زانستە پێداگۆجییەکان و پەروەردەی مامۆستایان دەخەینە بەردەستتان. سەکۆیەکی نوێی گفتوگۆی بونیادنەر و پێکێن دەربارەی وانەگوتنەوە، فێربوون و پەروەردەی مامۆستایان. لە کاتێکدا پەروەردە ڕۆڵێکی وەها گرنگی هەیە لە دیاریکردنی شێوازی کۆمەڵگا و داهاتوومان، بە پێوستمان زانی وەها سەکۆیەک فەراهەم بکەین تێیدا پەروەردەکاران و توێژەران بتوانن بیرۆکە و ئەزموونەکانیان لەگەڵ یەکتری هاوبەش بکەن.
ئەوەی ئەم گۆڤارە تایبەتتر دەکات جۆراوجۆری ئەو دەنگانەیە کە پێکەوە کۆیاندەکاتەوە و دەیانخاتەڕوو. بەشداربووانی ئەم ژمارەیە لە زانکۆ و دامەزراوە پەروەردەییەکانی سەراسەری بەغدا، دهۆک، زاخۆ و هەولێرەوە هاتوون، هەریەکەیان دیدگای تایبەتی خۆیان پێشکەش دەکەن دەربارەی ئاستەنگ و دەرفەتەکانی ئەمڕۆی پەروەردە. ئەم جۆراوجۆرییە جوگرافی و دامەزراوەییە تێگەیشتنمان دەوڵەمەندتر دەکات دەربارەی کاریگەریی ئەو شێواز و ستراتیژانە لە بەستێنە جیاوازەکاندا.
وتارەکانی ئەم ژمارەیە پرسیاری ڕاستەقینە دەوروژێنن کە گرنگن بۆ پەروەردەکاران بۆ نموونە: چۆن دەتوانین بەرنامەکانی شیاندنی مامۆستایان باشتر بکەین؟ چ شێوازەکانی وانەوتنەوە کاریگەری پتر هەیە و بەڕاستی جیاوازی بۆ قوتابیان دروست دەکەن؟ چۆن کەلێنی نێوان تیۆری پەروەردەیی و پراکتیزەی پۆلەکان پڕ دەکەینەوە؟ نووسەرانمان تەنها کێشەکان دەستنیشان ناکەن، بەڵكو چارەسەری کاریگەر و ڕێگای نوێ پێشکەش دەکەن، پەروەردەکارانی دیکە دەتوانن بەکاریان بهێنن و لەگەڵ بارودۆخی خۆیان بیانگونجێنن.
بێگومان بیرۆکە باشەکان سنووریان نییە. کاتێک مامۆستایان لە وڵات و ناوچە جیاوازەکانەوە ئەوەی فێریی بوون و پێیگەیشتوون هاوبەشیان دەکەن، هەموو کەس و لایەنێک سوودمەند دەبن. ئەوە ئەو گیانی هاوکاریی و هاوبەشییە کە دەمانەوێت گۆڤاری مامۆستا بەرجەستەی بکات. لە هەر شوێنێک هاوکاری بە شێوەیەکی سروشتی ڕووبدات و لەوێدا لە سەرکەوتن و لە شکستەکانی یەکتر فێر دەبین.
ئەم گۆڤارە بەبێ شەونخوونی و ماندووبوونی بێوچانی توێژەران، هەڵسەنگێنەران و ئەندامانی دەستەی نووسەرانی گۆڤار و ستافی کارگێڕیی بوونی نەدەبوو. ئەوان شارەزایی وکرد و کۆش و کاتیان خستووەتە کار تاوەکو ئەم خەونە بکەنە ڕاستی، بەڵام پێشبینی و چاوەڕوانی زیاتریشمان هەیە کە ئەم گۆڤارە ببێتە دەستپێکی گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەی بەرهەمدار. دەمانەوێت توێژەران ئەم بیرۆکانە بەکاربهێنن و تێڕوانینی خۆیان بخەنەڕوو و ڕای نوێی لەسەر بنیات بنێن، پراکتیزەکاران لە پۆلەکانی خۆیاندا تاقیان بکەنەوە و سیاسەت داڕێژەرانی پەروەردە بیر لەوە بکەنەوە چۆن دەتوانن پشتگیری ئەم نوێکارییانە بکەن.
بەخێرهاتن بۆ گۆڤاری مامۆستا بۆ زانستە پێداگۆجییەکان و پەروەردەی مامۆستایان. ئێمە هیوادارین ئەم ژمارەیە بیرۆکە و گفتوگۆی نوێ بخولقێنێت و جیاوازییەکی ڕاستەقینە لە پۆلەکانی سەرانسەری هەرێمەکەمان و دەرەوەدا دروست بکات.
سەرنووسەر
گۆڤاری مامۆستا بۆ زانستە پێداگۆجییەکان و پەروەردەی مامۆستایان
ژمارەی تەواو
Articles
Mamosta Journal was originally launched in 2025 by Salahaddin University-Erbil.
ISSN (online):
DOI: http://dx.doi.org/10.21271/
Open Access
Except where otherwise noted, content on this site is licenced
under a Creative Commons Attribution License 4.0 (CC BY- 4.0)
