بەرگ 1 ژمارە Zero (2025)

					##issue.viewIssueIdentification##

سەروتار

ئێمە دڵخۆشین کە ژمارەی سفری  گۆڤاری مامۆستا بۆ زانستە پێداگۆجییەکان و پەروەردەی مامۆستایان دەخەینە بەردەستتان. سەکۆیەکی  نوێی گفتوگۆی بونیادنەر و پێکێن دەربارەی وانەگوتنەوە، فێربوون و پەروەردەی مامۆستایان. لە کاتێکدا پەروەردە ڕۆڵێکی وەها گرنگی هەیە لە دیاریکردنی شێوازی کۆمەڵگا و داهاتوومان، بە پێوستمان زانی  وەها سەکۆیەک فەراهەم بکەین  تێیدا پەروەردەکاران و توێژەران بتوانن بیرۆکە و ئەزموونەکانیان  لەگەڵ یەکتری هاوبەش  بکەن.

ئەوەی ئەم گۆڤارە تایبەتتر دەکات جۆراوجۆری ئەو دەنگانەیە کە پێکەوە کۆیاندەکاتەوە و دەیانخاتەڕوو. بەشداربووانی ئەم ژمارەیە لە زانکۆ و دامەزراوە پەروەردەییەکانی سەراسەری بەغدا، دهۆک، زاخۆ و هەولێرەوە هاتوون، هەریەکەیان دیدگای تایبەتی خۆیان پێشکەش دەکەن دەربارەی ئاستەنگ و دەرفەتەکانی ئەمڕۆی پەروەردە. ئەم جۆراوجۆرییە جوگرافی و دامەزراوەییە تێگەیشتنمان دەوڵەمەندتر دەکات دەربارەی  کاریگەریی ئەو شێواز و ستراتیژانە  لە بەستێنە جیاوازەکاندا.

وتارەکانی ئەم  ژمارەیە  پرسیاری ڕاستەقینە دەوروژێنن کە گرنگن بۆ پەروەردەکاران بۆ نموونە: چۆن دەتوانین بەرنامەکانی شیاندنی مامۆستایان باشتر بکەین؟ چ شێوازەکانی وانەوتنەوە کاریگەری پتر هەیە و  بەڕاستی جیاوازی بۆ قوتابیان دروست  دەکەن؟ چۆن کەلێنی نێوان تیۆری پەروەردەیی و پراکتیزەی پۆلەکان پڕ دەکەینەوە؟ نووسەرانمان تەنها کێشەکان دەستنیشان ناکەن، بەڵكو چارەسەری کاریگەر و ڕێگای نوێ پێشکەش دەکەن، پەروەردەکارانی دیکە دەتوانن  بەکاریان بهێنن و لەگەڵ بارودۆخی خۆیان بیانگونجێنن.

بێگومان بیرۆکە باشەکان  سنووریان نییە. کاتێک مامۆستایان لە وڵات و ناوچە جیاوازەکانەوە ئەوەی فێریی بوون و پێیگەیشتوون هاوبەشیان  دەکەن، هەموو کەس و لایەنێک  سوودمەند دەبن. ئەوە ئەو گیانی هاوکاریی و هاوبەشییە کە دەمانەوێت گۆڤاری مامۆستا  بەرجەستەی بکات. لە هەر شوێنێک هاوکاری بە شێوەیەکی سروشتی ڕووبدات و لەوێدا لە سەرکەوتن و لە شکستەکانی یەکتر فێر دەبین.

ئەم گۆڤارە بەبێ شەونخوونی و ماندووبوونی بێوچانی توێژەران، هەڵسەنگێنەران  و ئەندامانی دەستەی نووسەرانی گۆڤار و ستافی کارگێڕیی  بوونی نەدەبوو. ئەوان شارەزایی وکرد و کۆش و  کاتیان خستووەتە کار تاوەکو  ئەم خەونە بکەنە ڕاستی، بەڵام پێشبینی و چاوەڕوانی زیاتریشمان هەیە کە ئەم گۆڤارە  ببێتە دەستپێکی گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەی بەرهەمدار. دەمانەوێت توێژەران  ئەم بیرۆکانە بەکاربهێنن و تێڕوانینی خۆیان بخەنەڕوو و ڕای نوێی لەسەر بنیات بنێن، پراکتیزەکاران لە پۆلەکانی خۆیاندا تاقیان بکەنەوە و  سیاسەت داڕێژەرانی پەروەردە  بیر لەوە بکەنەوە چۆن دەتوانن پشتگیری ئەم نوێکارییانە بکەن.

بەخێرهاتن بۆ گۆڤاری مامۆستا بۆ زانستە پێداگۆجییەکان و پەروەردەی مامۆستایان. ئێمە هیوادارین ئەم ژمارەیە بیرۆکە و گفتوگۆی نوێ بخولقێنێت و جیاوازییەکی ڕاستەقینە لە پۆلەکانی سەرانسەری هەرێمەکەمان و دەرەوەدا دروست بکات.

سەرنووسەر
گۆڤاری مامۆستا بۆ زانستە پێداگۆجییەکان و پەروەردەی مامۆستایان

 

بڵاو کرایەوە: 2025-05-25

ژمارەی تەواو

Articles