ڕێبەرێک بۆ توێژەران

  1. سیاسەتى پێشکەشکردن

ئەو توێژینەوانەى بۆ گۆڤارى مامۆستا بۆ زانستە پێداگۆجییەكان و پەرەپێدانی مامۆستایان دەنێردرێن، پێویستە ناوەرۆکەکەیان ڕەسەن بێت، یان پێداچوونەوە بێت بە توێژینەوەى پێشوو. توێژینەوەى نێردراو و ئەو وەرگێڕانانەى لە خۆشیان دەگرێت، نابێت هەرگیز پێشتر لە هیچ شوێنێک بڵاوکرابنەوە، یان ئێستا هەوڵى بڵاوکردنەوەى بدرێت لە شوێنى دیکە. جێبەجێنەکردنى ئەم ڕێنماییانە وەکخۆى، دەبێتە هۆى دەمودەست ڕەتکردنەوەى توێژینەوەکە، بەبێ ئەوەى هەڵبسەنگێنرێت.

  1. ڕێکارەکانى هەڵسەنگاندنى توێژینەوە

تەواوى ئەو توێژینەوانەى بە مەبەستى بڵاوکردنەوە بۆ گۆڤارى مامۆستا بۆ زانستە پێداگۆجییەكان و پەرپێدانی مامۆستایان دەنێردرێن، بەوردى و بەپوختى هەڵدەسەنگێنرێن. دەستەى نووسەرانى گۆڤار ڕێکارى هەڵسەنگاندنەکە ڕێکدەخات و دەبێت هەر توێژینەوەیەک بە لایەنى کەم لەلایەن دوو هەڵسەنگێنەرەوە هەڵبسەنگێنرێت و تێبینى لەبارەوە بنووسرێت. دەستەى نووسەرانى گۆڤاریش لەسەر بنەماى ئەو ئەنجامەى هەڵسەنگێنەران بڕیاری لێدەدەن و بۆ ئەندامى پسپۆرى دەستەى نووسەرانیان دەینێرنەوە، بڕیار لەبارەى توێژینەوەکە دەدات. ئەم پرۆسەیە چوار هەفتە دەخایەنێت.

  1. مافى توێژەر

گۆڤارى مامۆستا بۆ زانستە پێداگۆجییەكان و پەرەپێدانی مامۆستایان پابەندە بە پاراستنى مافى توێژەر و دڵنیایى دەدات دەربارەى جێبەجێکردنى ڕێساکانى مافى کەسیى (کۆپى ڕایت). توێژینەوەکە لە (MamostaJ) یان لە هەر گۆڤارێکى دیکە بڵاوبکرێتەوە، ئەوا (MamostaJ) پابەندیى بەرزترین بەها ئاکارییەکان و بەرپرسیاریەتی و پابەندییە یاساییەکان دەبێت.

  1. ڕاگەیەنراوى ئاکاریى (MamostaJ)

 (MamostaJ) پابەندە بە هەڵسەنگاندنى ورد و پوختى توێژینەوەکە بەپێى پێوەر و بنەما ئاکارییەکانى بڵاوکراوە زانستییەکان.

 (MamostaJ)پرسى وەرگرتن و کۆپیکردن و ئاماژەنەدان بە سەرچاوە ڕەسەنەکە زۆر بە ڕشتى وەردەگرێت و دەستەى نووسەران هیچ جۆرە نەرمییەک لەبەرانبەر ئەم کارە نانوێنن.

ڕێژەى وەرگرتن بەبێ ئاماژەدان بە سەرچاوەى ڕەسەن نابێت (٢٠%) تێبپەڕێنێت و ناشبێت لە کۆى توێژینەوەکەدا (٥%) لە یەک سەرچاوە وەرگیرابێت، هەروەها بەکارهێنانى ژیریی دەستکرد ڕێپێدراوە، بەڵام نابێ لە (١٠ %) زیاتر بێت.

  1. ئەو خاڵانەى پێویستە لە توێژینەوەدا هەبن:

ناونیشانى توێژینەوەکە (لە ١٦ وشە زیاتر نەبێت).

ناوى توێژەر/ان (ناسناوى زانستی نانووسرێت).

شوێنى کار (ناوى بەشى زانستى، ناوى کۆلێژ، ناوى زانکۆ، ناوى شار، ناوى وڵات)

ئیمێل

بۆ نموونە:

هیمداد عەبدولقەهار محەمەد

بەشى ئینگلیزى، کۆلێژى پەروەردەى بنەڕەتى، زانکۆى سەلاحەددین، هەولێر- هەرێمى کوردستان/عیراق

[email protected]

  • پێویستە شوێنى ڕێکەوتى ناردن و پەسندى توێژینەوە بە بەتاڵى جێبهێڵدرێ.
  • پوختە (لە ١٥٠ وشە زیاتر نەبێت و ئەم بەشانەى تێدابێت: کۆپلەیەک دەبارەى توێژینەوەکە، کێشەى توێژینەوە، ئامانجەکانى توێژینەوە، ڕێبازى توێژینەوە، کەرستەى توێژینەوە، مشتە، ئامار، گرنگترین ئەنجامەکان)
  • وشەى سەرەکییەکان (٥ وشە زیاتر نەبێ)
  • پێشەکى
  • پێداچوونەوە بە کارەکانى پێشوو/ پاشخانى تیۆرى
  • ڕێبازى توێژینەوە
  • ئەنجامەکان
  • دەرەنجام و پێشنیاز
  • سەرچاوە
  1. شێوازى نووسین

تێبینى: لەکاتى نووسینى توێژینەوەکەتدا چاپتەر فۆرمات بەکارمەهێنە و بۆ ڕێکخستن سوود لە سستەمى ڕیزبەندی ژمارەیی وەربگرە.

٦ - ١ ڕێکخستنى لاپەڕە

زمانى ئینگلیزى: قەبارەى ئەى فۆڕ بێ و ئەم چوارچێوەیەى هەبێ: ٢سم لەسەرەوە، ٢سم لە خوارەوە، ٣سم لاى چەپ و ٢سم لاى ڕاست.

  • زمانى کوردی و عەرەبی: قەبارەى ئەى فۆڕبێت و ئەم چوارچێوەیەى هەبێت: ٢سم لە سەرەوە، ٢سم لەخوارەوە، ٣سم لاى ڕاست و ٢سم لاى چەپ.
  • پێویستە ژمارەدانان بۆ تەوەرەکان لە پێشەکییەوە دەستپێبکات.
  • بۆ سەرەبابەتەکان کەڵک لە ژمارەدانانى ئۆتۆماتیکى وەرمەگرە و خۆت ژمارەکان بنووسە.
  • پێویستە تەواوى توێژینەوەکە بە یەک فایل بنێردرێ و نابێ لەیەک جودابکرێتەوە.
  • مەوداى نێوان پەرەگراف و دێڕەکان پێویستە لەسەر (single) دابنرێت.

٦ - ٢ فۆنت

  • پوختە:
  • پوختە پێویستە بە هەرسێ زمانى (کوردى، عەرەبى و ئینگلیزى) بنووسرێت و ناونیشان و ناوى توێژەر/ان و ئیمێل و وشە سەرەکییەکانى تێدابێت.
  • بۆ زمانى ئینگلیزى فۆنتى (Times New Roman) بە قەبارەى (١٠ى بۆڵد-تۆخ) بۆ ناونیشان و بۆ تەواوى پوختەکە هەمان قەبارە، بێ تۆخ کردن.
  • بۆ زمانى کوردى فۆنتى (Unikurd Goran) بە قەبارەى (١٢ تۆخ) بۆ ناونیشان و تەواوى پوختەکە هەمان قەبارە بێ تۆخ کردن.
  • بۆ زمانى عەرەبى فۆنتى (Simplified Arabic) بە قەبارەى (١٢ تۆخ) بۆ ناونیشان و بۆ تەواوى پوختەکە هەمان قەبارە، بێ تۆخ کردن.
  • وشە سەرەکییەکان نابێ لە پێنج وشە پتر بن و هەمان فۆنت و قەبارەى سەرەوەیان بۆ بەکاردێت.
  • ناواخنى توێژینەوە:
  • بۆ زمانى ئینگلیزى فۆنتى (Times New Roman) بە قەبارەى (١٢ تۆخ) بۆ ناونیشانەکان و بۆ دەقەکەش قەبارەى ١٢ بێ تۆخ کردن.
  • بۆ زمانى کوردى فۆنتى (Unikurd Goran) بە قەبارەى (١٢ تۆخ) بۆ ناونیشانەکان و هەمان فۆنت و قەبارە ١٢ بۆ دەق بێ تۆخ کردن. بۆ دەستکەوتنى فۆنتەکە کلیک لێرە بکە
  • بۆ زمانى عەرەبى فۆنتى (Simplified Arabic) بە قەبارەى (١٢ تۆخ) بۆ ناونیشانەکان و هەمان فۆنت و قەبارە ١٢ بۆ دەق بێ تۆخ کردن.
  • لەگەڵ دەستپێکردنى هەموو سەرە پەرەگرافێک، تابێک دابگرە و نابێ سەرەتاى پەرەگراف بە دەربڕینى (و، وە) بۆ زمانى کوردى و (و) بۆ زمانى عەرەبى دەستپێبکا.

٦ - ٣ خشتە و هێڵکاریی و شێوەکان

  • نابێ پانى هیچ خشتە یان شێوەیەک (١٥سم) تێبپەڕێنێت.
  • پێویستە هەموو شێوەکان بە (JPG) بن و وەک تاکە وێنە پێشکەش بکرێن (نەک چەند پارچەیەک خرابنە پاڵ یەک). بەشە سکانکراوەکان پێویستە زۆر ڕوون بن و کوالێتیان لەوپەڕى بێت.
  • دەبێ هەموو شیعرێک بخرێتە ناو خشتەیەک و هەموو لەتەدێرە شیعرێکیش لە هێڵى تایبەت بە خۆى بنووسرێت.
  • هەرگیز (Textbox) و (WordArt) بەکارمەهێنە.
  1. سەرچاوە و وەرگرتن
  • وەرگرتن لە توێژینەوەکانى توێژەر/ان خۆیان نابێ (١٠ %) کۆی سەرچاوەکانی لیستی سەرچاوەکان تێبپەڕێنێت.
  • پێویستە وەرگرتن و دانانى سەرچاوە بەپێى سستەمى هارڤەرد بێت و نابێت بە پەراوێز بکرێت.
  • سەرچاوەکان پێویستە بەو فۆنت و قەبارە و شێوازە بنووسرێن کە پوختەى توێژینەوەیان پێ دەنووسرێت.
  • تەواوى سەرچاوە بەکارهاتووەکان پێویستە بە ئەلفبێ ڕێکبخرێن:

كتێب:

ناوی سێەمی نووسەر، ناوی یەكەم و دووەم (ساڵ)، ناونیشان ، دەزگایی چاپ: شوێنی چاپ.

گۆڤار:

ناوی سێیەمی نووسەر، ناوی یەكەم و دووەم (ساڵ)،"ناونیشانی توێژینه‌وه‌"، ناوی گۆڤار، بەرگ(ژمارە) لاپەڕەكان. زیادكردنی بەستەری توێژینەوەكە.

  • پێویستە سەرچاوەکان بەپێى سستەمەکانى وەرگرتنى نێودەوڵەتى (international citation management systems) وەکو (EndNote) و (Mendeley) یان ئامرازى هاوشێوەى ئەمانە بەکاربهێنرێن، بۆ دڵنیاییدان و پابەندبوون بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکانى بڵاوکردنەوە.
  • جەختدەکەینەوە کە وامان پێ پەسندە، لەو توێژینەوەیەى بۆمان دەنێردرێ، بە لایەنى کەم یەکێک لە سەرچاوە کەڵک لێوەرگیراوەکان توێژینەوەیەک بێ، کە لە گۆڤارى مامۆستا بۆ زانستە پێداگۆجییەكان و پەرەپێدانی مامۆستیا (MamostaJ)  بڵاوکرابێتەوە.
  1. ناردنى توێژینەوە

نابێت ژمارەى لاپەڕەى توێژینەوەکە ٣٠ لاپەڕە تێبپەڕێنێت.

ئەم پێداویستییانە پێویستە لە سیستەمى گۆڤار دابنرێن و هەریەکەیان بە تەنیا و لە فایلێکدا بن:

  • توێژینەوەکە بە تەواوى خرابێتە سەر تێمپلێتى گۆڤار
  • پوختەى توێژینەوەکە بە هەرسێ زمانى (کوردى، عەرەبى و ئینگلیزى) بەبێ ناو و ناونیشانى توێژەر/ان.
  • کۆپى وێنە و شێوە و نەخشە (ئەگەر هەبوون) هەموویان بخرێنە ناو یەک فایل.
  • ناوى تەواوى توێژەر/ان و ناونیشانیان (زانکۆ، کۆلێژ، بەش) بە هەرسێ زمانەکە، لەگەڵ ئیمێل و ژمارەى تەلەفۆن.
  • هەڵبژاردنى بەرگى توێژینەوەکە (Graphic Abstract) ئەو وێنەی ناو توێژینەوەکە کە لەکاتى بڵاوکردنەوە وەک بەرگ دەربکەوێت.
  • نامەى پێشکەشکردن
  • هەر توێژینەوەیەک بەتەواوى بەپێى ئەم ڕێنماییانە ڕێکنەخرابێ، لە (MamostaJ)  کارى لەبارەوە ناکرێت.
  • بۆ زانیاری زیاتر پەیوەندی بكە بە :

ناونیشان

گۆڤاری مامۆستا بۆ زانستە پێداگۆجییەكان و پەرەپێدانی مامۆستایان 

زانكۆى سەلاحەددین - هەولێر

كۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی 

هەولێر، هەرێمی کوردستانی عێراق

ئیمەیل: [email protected]

وێب سایت:   Home | Mamosta Journal

ژمارەی موبایل: